مامۆستایەکى سنوورى پەروەردەى دهۆک بەهۆى لاوازى بارى دارایى و نەبوونى تواناى دابین کردنى کرێى خانوو لەلایەن خاوەن خانووەکەیەوە دەردەکرێت و بە ناچارى لە بینایەکى تەواونەکراودا دەژى.
قەیس حوسێن ئەو مامۆستایەى سنوورى پەروەردەى دهۆکە راگەیاند، لە قوتابخانەى مهاباد لە شارى دهۆک دەوام دەکات، بەڵام بەهۆى ئەوەى مووچەى چەند مانگێکى وەرنەگرتووە، لەلایەن خاوەنى خانووەکەیەوە دەرکراوە، چونکە نەیتوانیوە کرێى چەند مانگێکى خانووەکە بدات.
قەیس حوسێن لە بنەڕەتدا خەڵکى شارۆکەى شنگالە و پاش داگیرکردنى شارۆکەکە لەگەڵ خێزانەکەى ئاوارەى ناوەندى دهۆک بووە و دواتر لە قوتابخانەى مهاباد لەو شارەدا دەستى بە دەوام کردووە، بەڵام وەک تێکڕاى مامۆستایانى دیکەى هەرێمى کوردستان چەند مانگێکە مووچەى وەرنەگرتووە.
زیاتر دەڵێ، "کرێى خانووەکەمان 450 هەزار دینارە، لەکاتێکدا من دوو منداڵم هەیە و نەمتوانیوە دابینى بکەم، لەبەرئەوە خاوەن ماڵەکە زۆرى بۆ هێنام و دەریکردم".
دواى دەرکردنى لە خانووەکەى، ئێستە مامۆستا حوسێن لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیان لە ناو باڵەخانەیەکى تەواونەکراودا دەژین، ئەوان بارودۆخیان باش نییە، لەکاتێکدا یەکێک لە منداڵەکانى پۆلى دوازدەى ئامادەیى و ئەوی دیکە لە زانکۆى کەرکووک دەخوێنێت.
ئەو مامۆستایە هەروەک داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەوڵی رژد بدات بۆ دابین کردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، چونکە ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت کاریگەری تەواو خراپ دروست دەکات.
بەهۆى تەنگژەى داراییەوە حکوومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانیوە مووچەى چەند مانگێکى فەرمانبەران دابین بکات، ئێستە حکوومەت نزیکەى سێ ملیار دۆلارى مووچەى فەرمانبەرانى وەک قەرز لەلا ماوەتەوە.










خشتهی تاقیكردنهوهكان
ليست هناك تعليقات: