بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی بایكۆتكردنی دەوامیان راگەیاند و جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە تاكو داخوازییەكان، بەتایبەت دابینكردنی موچە جێبەجێنەكرێت، ناگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
لەبەرامبەردا ئەنجومەنی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا وێڕای سوپاسكردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆ، ئاماژە بەوەش دەكات، پرۆسەی خوێندن لە زانكۆو تەواوی كەرتی خوێندنی باڵا بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە خەریكە بڕستی لێدەبڕێ، بەجۆرێك مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ وەك هەر تاكێكی تری كۆمەڵگا، ئەم دۆخە كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیان و گوزەرانیان، كە ئەستەمە بە قسەو نوسین وێنا بكرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە "داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆمان دەكەین بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە پابەندی كاتەكانی بەشە وانەی رۆژانەیان ببن، بەتایبەت كە وەرزێكی خوێندن تێپەڕیوەو ئەو راستییەش دەزانین، گەر بێت و زیاتر لە مانگێك هۆڵەكانی خوێندن چۆڵ بكرێت، بڕوانامەی خوێندكاران مەترسی پەسەندكردنی لەسەر دەبێت و دواجار ئەوەی لەو نێوەدا زەرەرمەند دەبێت تەنها خوێندكارانە".
ليست هناك تعليقات: